دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە سێ هەڵمەتی جیاوازدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دەروازەکانی شەلامچە و زرباتییە، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستەی بێهۆشکەر، دەرمان و پارەی ئامادەکراو بۆ قاچاخچێتیدا گرت.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) لە زاری عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بڵاویکردەوە، لە دەروازەی زرباتییە شۆفێری تەکسییەک دەستگیر کراوە کە 200 دەرزیی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و 68 میلیۆن دیناری عێراقی پێ بووە.
بهپێی لێدوانی ئهو بهرپرسه عێراقییه، شۆفێرەکە پارە و دەرمانەکانی بە شێوازێکی شارەزایانە شاردبووەوە، تا بەدەر لە بڕی یاسایی بیپەڕێنێتەوە.
هاوكات لە دەروازەی شەلامچەش دەست بەسەر 1 کیلۆگرام کەرەستەی بێهۆشکەری ماریجوانادا گیراوە کە لەلایەن گەشتیارێکی عێراقییەوە شاردرابووەوە؛ ههروهها لە فڕۆکەخانەی بەغدا دوو گەشتیار بە 30 کیلۆگرام دەرمان و 70 دەرزیی کیمیایی شێرپەنجەوە لەناو 8 جانتای گەشتدا دەستگیر کران.
بهپێی زانیارییهكان، سەرجەم تۆمەتبارەکان و کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، عێراق لە ماوەی ڕابردوودا چاودێریی دەروازە سنوورییەکانی بۆ ڕێگری لە قاچاخی دەرمان و کەرەستەی بێهۆشکەر چڕتر کردووەتەوە.