بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر لە بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان، حکومەتی هەرێم و شاندی فیدراڵ جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە.

 

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە شاری زاخۆ، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 تاوتوێ کرا، هەروەها بەشداریی هەرێمی کوردستان لە داهاتی گشتیی عێراق و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم خرانە بەر باس، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ڕێکارە تەکنیکییەکانی پەیوەست بەو بابەتە تاوتوێ کران.

 

سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، پێویستە بنەمای دادپەروەری بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بکرێت و ڕەچاوی چەمکی دەستووریی فیدرالیەت بکرێت.

 

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستانەکان کردەوە تاوەکو کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەکاندا بێت.