دەسەڵاتدارانی سەربازیی ئۆکراینا لە گۆڕەپانی جەنگ، ئاماری نوێی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووسیایان لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرایناوە بڵاوی کردەوە، کۆی زیانە گیانییەکانی سوپای ڕووسیا لە دەستپێکی جەنگەوە لە 24ـی شوباتی 2022 گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 578 هەزار و 450 سەربازی ڕووسی.
بەپێی بڵاوکراوەکەی ئاژانسەکە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردووشدا زیاتر لە 1850 سەربازی ڕووسیا کوژراون یان بریندار بوون، ئەم ئامارانە لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی ئۆکرایناوە بڵاو کراونەتەوە و جەخت لە بەردەوامیی پێکدادانە چڕەکان لە بەرەکانی پێشەوە دەکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سوپای ئۆکرایناش، لە دەستپێکی جەنگەوە قەبارەیەکی گەورەی کەرەستەی سەربازیی هێزەکانی ڕووسیا تێکشکێندراوە کە بەم شێوەیەیە:
• 12447 تانک
• 25605 زرێپۆشی شەڕکەر
• 51614 سیستەمی تۆپهاوێژ
• 2237 مووشەکهاوێژی فرەئاراستە
• 1725 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی
• 449 فڕۆکەی جەنگی
• 356 هێلیکۆپتەر
• زیاتر لە 580 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
• 5138 مووشەکی کروز
• 35 کەشتیی جەنگی
• دوو ژێردەریایی
• 166918 بارهەڵگر و تەنکەری سووتەمەنی
• 4856 یەکەی کەرەستەی تایبەتی سەربازی
لەلایەکی دیکەوە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا خستنەخوارەوەی 119 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە کۆی 153 فڕۆکەی ئاڕاستەکراوی ڕووسیا لە هێرشێکی شەوانەدا ڕاگەیاند، لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشکرای کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 532 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە ئاسمانی چەندین ناوچە، لەوانە بێلگۆرۆد، بریانسک، کورسک و ڤۆرۆنیژ لە ماوەی یەک شەودا بخاتە خوارەوە.
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، کە بە قورسترین و پڕزیانترین ململانێی سەربازی لە کیشوەری ئەورووپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت، لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە و کاریگەریی قووڵی بەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەجێ هێشتووە.