عه‌لی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دوعەیڕ عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی عه‌لی زه‌یدی بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارە بەهۆی لێدوانەکانی دوێنێ یەکشەممەی ئەو بەرپرسەوە بووە، کە هەڕەشەی ڕاگەیاندنی دۆخی یاخیبوونی کردبوو ئەگەر دەروازەی سنووریی شەیب نەکرێتەوە، هەروەها لە لێدوانەکانیدا وشەی نالەباری بەکار هێنابوو.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە پێویستی پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنە دەستووری و کارگێڕییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە خزمەتگوزارییەکاندا کراوەتەوە. هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیران دیاریکردنی بەرپرسیارێتی یاسایی ئەم بابەتەی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجێ هێشتووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم دەروازەی سنووریی شەیب، هەڕەشەیەکی له‌ حکومەتی فیدراڵ کرد و داوای کرد لە ماوەی 3 ڕۆژدا و تا پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەو دەروازەیە لەگەڵ ئێراندا بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە ناڕەزایەتییەکان بەرەو سەرپێچی مەدەنی و داخستنی تەواوی ڕێگاکان دەچن.

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان کە گوتبووی وەک دانیشتوویەکی پارێزگاکە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە نەک وەک بەرپرسێکی فەرمی، هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو ئەگەر داواکەیان جێبەجێ نەکرێت، پارێزگای میسان لە جەستەی عێراق جیا دەکەنەوە.

 

دەروازەی سنووریی شەیب لە سنووری پارێزگای میسان، یەکێک لە دەروازە بازرگانییە گرنگەکانی نێوان عێراق و ئێرانە.