بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڕیاری دەستپێکردنی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیاند کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، سەرجەم ئەو هاوسەرە نوێیانەی فۆرمی خۆراکیان سەر بە پارێزگای هەولێرە لە بنکەی 201 تاکوو 223، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی.
بەپێی ئاگادارییەکە، پێویستە هاووڵاتییان فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی خۆیان و باوکیان، فۆرمی خۆراکی کۆنی باوکیان بۆ ساڵانی 2020 و 2021، لەگەڵ کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و گرێبەستی هاوسەرگیری (عقد زواج) لەگەڵ خۆیان ببەن.
ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بەدیجیتاڵکردنی دابەشکردنی نەوتی سپی و سووتەمەنی، تا ڕێگری لە گەندەڵی و بەفیڕۆچوونی پشکی شایستەی هاووڵاتییان بکرێت.