بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە جیهان، حکومەتی ئۆکراینای بەشدار لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بە پێشێلکردنی ڕێساکانی بەکارهێنانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد تۆمەتبار کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، ئیلۆن ماسک، سەرۆکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، وڵاتی ئۆکراینای بە پێشێلکردنی مەرجەکانی بەکارهێنانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی 'ستارلینک' تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم سیستەمە مەدەنییە و نابێت بۆ ئامانجی کوشتن بەکار بهێنرێت.
ماسک لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەگەری بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان خزمەتگوزارییەکە بەتەواوی ڕادەگرن، هاوکات جەختی کردەوە، ڕاگرتنی ستارلینک دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای هێڵەکانی پێشەوەی بەرگریی سوپای ئۆکراینا لە بەرامبەر سوپای ڕووسیادا.
لەلایەکی دیکەوە، یەڤگین خمارا، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئاشکرای کرد، خێرایی و جێگیریی سیستەمی ستارلینک بۆ بەرەکانی جەنگ گەڕاوەتەوە، ناوبراو ڕوونی کردەوە پێشتر خێرایی سیستەمەکە بۆ کەمتر لە 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا سنووردار کرابوو، ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دروست کردبوو، بەڵام ئێستا خێراییەکەی بۆ زیاتر لە 400 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز بووەتەوە.
هاوکات، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش جەختی لەوە کردەوە، هەڵوێستی توندی کیێڤ وای کردووە خزمەتگوزارییەکە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، پێشتر سەرۆکی ئۆکراینا بەرپرسانی واشنتۆنی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە پشت کەمکردنەوەی خێرایی هێڵەکە بوون و لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیادا هۆشدارییان پێ نەداون، بەڵام کۆشکی سپی و ماسک هەر جۆرە دەستوەردانێکیان لەو بابەتەدا ڕەت کردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئاشکرای کرد، کە ئیلۆن ماسک بە فەرمانی ئەو جارێکی دیکە خزمەتگوزاریی ستارلینکی لە ئۆکراینا بەتەواوی کارا کردووەتەوە.
خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی سوپای ئۆکراینادا دەگێڕێت.