دەیان هاووڵاتی لە عێراق بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکە لە گۆڕەپانی ئازادی کۆبوونەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی شەفەق نیوز بڵاویکردەوە، دەیان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی ئازادی 'تەحریر' لە ناوەڕاستی بەغدا کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین، لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لە ناوچەی بابی شەرقی.

 

بەشداربووان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق و گوتنی دروشم، یادی جووڵە جەماوەرییەکەی ساڵی 2019ـیان بەرز ڕاگرت، کە وەک یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی دەیەکانی دوایی دادەنرێت.

 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا زنجیرەیەک ڕێکاری ئەمنی و ڕێکخستنی بۆ پاراستنی سەلامەتیی ناڕازییان ڕاگەیاند، کە قەدەغەکردنی هاتووچۆی ماتۆڕسکیل و تۆکتۆکی لە تەواوی ناوچەکە گرتەوە، سەرەڕای ئەم کۆتوبەندانە، دەسەڵاتدارانی ئەمنی سەرجەم ڕێگە و دەروازەکانی چوونە نێو گۆڕەپانی تەحریریان بە کراوەیی بۆ پیادەڕەوان و هاتووچۆی ئاسایی ئۆتۆمبێلەکان هێشتەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ جووڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست نەبێت.

 

هاوکات، لە دوێنێ شەوەوە هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش پۆلیس، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ئاژاوەگێڕان، یەکەکانی K-9 و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و کارمەندان لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە گۆڕەپانی تەیەرانەوە تا ژێر مۆنۆمێنتی گۆڕەپانی ئازادی بڵاوەیان پێکراوە.

 

خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019 لە عێراق، بۆ داواکردنی هەلی کار، خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی دەستیپێکرد، کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە سەدان قوربانی لە ڕیزەکانی ناڕازییان لێکەوتەوە و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی ئەو کاتەی بەغدا.