شاندێکی باڵای وەزاری لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی وزە و دارایی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و بە ئەندامێتیی باسم محەممەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد وەزیری کارەبا، بە یاوەریی بریکارانی وەزارەتی دارایی و نەوت و سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران گەیشتە هەرێمی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ پێشوازی لە شاندە باڵاکەی بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان، دواتر شاندی میوان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی ئامادە بوون.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکان هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکانی نەوت، وزە و دارایی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا، بەردەوام شایەتی گفتوگۆی چڕ بووە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.