بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا هۆشداریی دا لە گەیشتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و چالاکبوونی هەورەبروسکە لە دەریای ناوەڕاستەوە.

 

ئه‌مرۆ کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لە کاتەکانی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026دا، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە و لە هەموو ناوچەکاندا باران دەبارێت.

 

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا ڕۆژی شەممە، 31ـی تشرینی یەکەم، بە شێوەی بارانی مامناوەند و لە هەندێک کاتدا بە لێزمەباران و هەورەتریشقە بەردەوام دەبێت.

 

دەستەی کەشناسی بڕی بارانبارینی پێشبینیکراوی ئاشکرا کرد کە لە ناوەندی پارێزگاکاندا لە سەرووی 12 ملیمەترەوە دەبێت.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە کە بڕی باران لە ناوەندی کارگێڕییە سەربەخۆکانی ڕانیە، زاخۆ و سۆران لە سەرووی 15 ملیمەتر دەبێت، و لە ناوەندی کارگێڕیی گەرمیانیش لە سەرووی 8 ملیمەترەوە دەبێت.

 

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو کە زۆرترین بڕی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکاندا دەبێت کە دەگاتە سەرووی 20 ملیمەتر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسیدا هۆشداریی ئەوە دراوە کە لە کاتی لێزمەباراندا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن و ناوچەدا هەیە.

 

کەشناسی ئەوەشی گوت: "لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا، نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سووریش دەگاتە ناوچەکە و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بە بڕی 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی."

 

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشکرای کرد کە بۆ ڕۆژی هەینی خێراییی با زیاد دەکات و دەگاتە سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، شەپۆلەکەش لە ڕۆژی شەممە 31ـی مانگدا کۆتایی پێ دێت.

 

لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی مانگەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووه‌، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە چیا بەرزەکاندا ئەگەری پروشکەباران هەیە و لە ئێوارەدا دەبێتە پەڵەهەور.

 

کەشناسی پلەکانی گەرمای ئەمڕۆی دیاری کرد کە لە هەولێر، دهۆک و ئاکرێ 27 پلە، سلێمانی 26، گەرمیان 33 و لە حاجی ئۆمەران 18 پلەی سیلیزی دەبێت.

 

دەستەی کەشناسی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سبەی دووشەممە 26ـی مانگ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبنەوە و خێرایی با دەگاتە 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

 

هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویكروه‌ته‌وه‌، هاتنی بارستەهەوایەکی شێدار لە دەریای سوورەوە لەگەڵ دەریای ناوەڕاستدا یەک دەگرن و شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و باران دروست دەکەن.

 

ئەو شارەزایە ڕوونی کردەوە کە ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ناجێگیرییەکی مامناوەند تا بەهێز لە کەشوهەوادا، بە شێوەی هەورەبروسکەی بەهێز و بارانی بەخوڕ.

 

ئاراس جەبار پێشبینیی ئەوەشی کرد کە لە کات و شوێنی جیاوازدا تەرزە ببارێت و بڕێکی زۆری باران لە سەرجەم ناوچەکاندا تۆمار بکرێت، کە کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ درێژە دەکێشێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، خەڵات سدیق، شارەزای بواری کەشناسی، جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا 3 ڕۆژی وشک لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا ماوە و لە 29ـی مانگەوە بارانبارینی سەرتاسەری دەست پێدەکات.

 

خەڵات سدیق ئاشکرای کرد کە تا 7ـی مانگی 11، 3 شەپۆلی یەک لە دوای یەکی باران ناوچەکە دەگرێتەوە و بەتایبەت لە ڕۆژی هەینیدا بارانی بەخوڕ دەبارێت.

 

ئەو کەشناسە دووپاتی کردەوە کە هاتنی ئەم 3 شەپۆلە پڕپیتەی بارانبارین بەتەواوی کۆتایی بە وشکەساڵی دەهێنێت و ناوچەکە دەخاتە نێو کەشێکی زستانەی تەڕوبڕەوە.