ناوەندێکی کولتووری و هونەریی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، بەرهەمێکی نوێی مۆسیقی و ڤیدیۆکلیپی بۆ ڕێزلێنان لە قوربانییانی شەڕ و دایکانی گیانبەختکردووان بڵاوکردەوە.

 

ئەمڕۆ ستۆدیۆی 'شەهید مزگین' سەر بە تەڤگەری ڕۆشنبیری و هونەریی ژنانی هیلالا زێڕین بڵاویکردەوە، کلیپێکی نوێیان بە ناوی 'قارەمان' (Leheng) بەرهەم هێناوە و وەک دیارییەک پێشکەشیان کردووە بە بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان.

 

تێکستی ئەم بەرهەمە لەلایەن فەریدە ڕابۆ نووسراوە، لەلایەن موفیدە حەمدی و زەینەب مەنسوور ئامادە کراوە و گوتراوەتەوە. تایبەتمەندیی کارەکە لەوەدایە گوزارشت لە هەست و سۆزی دایکان بەرامبەر قوربانیدانی کچ و کوڕەکانیان دەکات و گوڵێ وڵاتیش کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجام داوە.

 

لە بەشێکی دیمەنەکانی کلیپەکەدا، ژمارەیەک لە دایکانی ئەندام لە دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان لە قامیشلۆ بەشدارن و وێنەی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بەدەستەوەیە، لەنێو بەشداربوواندا دایکی شەڕڤان زنارین حەسەکە دەبینرێت، هاوکات دایکی دوو شەڕڤانی دیکە تێیدا دەرکەوتوون کە لەم دواییانەدا لە پێکدادانە سەربازییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

 

بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆکە ڕایانگەیاندووە، ئامانجیان بەرزڕاگرتنی هەڵوێستی دایکان و کولتووری شانازیکردنە بە قوربانیدانی ڕۆڵەکانیان لەپێناو کۆمەڵگەدا. بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە هونەرییە لە 25ـی تشرینی یەکەم، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی گیانبەختکردنی گوڵناز کاراتاش ناسراو بە 'بێریتان'، کە یەکێک بوو لە ژنە فەرماندە ناسراوەکانی بزووتنەوەی چەکداریی ژنان.

 

بزووتنەوەی ژنانی کوردی ڕۆژئاڤای کوردستان، لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ڕێگەی هونەر، شیعر و مۆسیقاوە بەشێوەیەکی بەردەوام هەوڵی بەدۆکیۆمێنتکردنی ململانێ سەربازییەکان و ڕۆڵی ژنانی کوردیان لە بەرەکانی جەنگدا داوە.