هەزاران هاووڵاتی لە ئیسرائیل ڕژانە سەر شەقامەکان دژی سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان و داوای دەستلەکارکێشانەوە و لێپرسینەوەی خێرایان لە شکستە ئەمنییەکان کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەزاران خۆپیشاندەر لە تەلئەبیب بەشدارییان لە ڕێپێوانێکی بەرفراواندا کرد دژی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەش لەکاتێکدایە کە تەنیا سێ ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکە ماوە.
بەپێی زانیارییەکان، خۆپیشاندانەکە لەلایەن 'ئەنجوومەنی ئۆکتۆبەر' ڕێکخرابوو، کە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی کوژراوان و بارمتەکانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەکات، بە ئامانجی دروستکردنی لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییە ئەمنییەکان.
لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا، چوار سەرکردەی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە، لەنێویاندا گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو، چوونە نێو ڕێپێوانەکە و لەلایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا و لەنێو جەماوەرەکە دژی نەتەنیاهۆ بەشدارییان کرد.
دوایین ڕاپرسییە گشتییەکان ئاشکرای دەکەن، هیچ کام لە دوو پارتە سەرەکییەکەی ئیسرائیل ناتوانن بە ئاسانی زۆرینەی پەرلەمانی وڵاتەکە پێکبهێنن، بەپێی داتاکانی دەستەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل، هاوپەیمانییەکەی ئایزنکۆت دەتوانێت 52 کورسی لە کۆی 120 کورسیی کنێسێت مسۆگەر بکات.
هاوکات بەرەی نەتەنیاهۆش لە توانایدایە 50 کورسی بەدەستبهێنێت و بەشەکەی دیکەش بۆ فراکسیۆنە بێلایەن و عەرەبییەکان دەبێت، لە پەراوێزی ئەم گرژییانەدا، پۆلیسی ئیسرائیل دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی ڕاگەیاند، بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پاسەوانانی نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشوو.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەکانی سەرۆکوەزیران سەبارەت بە پەرەپێدانی ئابوورییەکی دیجیتاڵی و ئەگەری ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوەسەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەو پێشنیازەیان بە 'بی بی کۆین' ناوبرد و ڕایانگەیاند، ئەم بیرۆکانە دەبنە هۆی دابڕانی ئیسرائیل لە بازاڕەکانی جیهان، بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخەکان و داڕمانی ژێرخانی ئابووری.
ئەم ئاڵۆزییە جەماوەری و سیاسییانە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل بەهۆی شەڕی بەردەوامی سێ ساڵی ڕابردووەوە لەژێر گوشاری قورسی دیپلۆماسی و سزای نێودەوڵەتیدایە، هاوکات حکوومەت تا ئێستا ئامادە نییە لیژنەیەکی بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییە سەربازییەکان دابمەزرێنێت.