پاشەکەوتی دراوی بیانی عێراق دوای دابەزینی بۆ 73 ملیار دۆلار بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، جارێکی تر بەرز بووەوە و گەیشتە 80 ملیار دۆلار، هاوکات گەیشتنی گوژمەکانی نەختینەی دۆلار (کاش) لە ئەمریکاوە ئاسایی بووەتەوە.

 

ئه‌مڕۆ مەحموود داغر، ڕاوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و گوتەبێژی بانکەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داهاتی نەوتی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 6 ملیار دۆلاری مانگانە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی کۆگای دراو کە دراوی بیانی، سپاردە دارایییەکان و زێڕ لەخۆ دەگرێت.

 

بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە پاشەکەوتی زێڕی عێراق بەتەواوی پارێزراوە و هیچ دەستکارییەکی نەکراوە، کە بڕەکەی زیاتر لە 174 تۆنە و بەهای خۆی لە نێو بانکەکەدا پاراستووە.

 

سەبارەت بە ناردنی نەختینەی دۆلار لە بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە، گوتەبێژی بانکەکە ئاشکرای کرد کە ئەم ڕەوتە دوو مانگە دەستی پێکردووەتەوە و لە ماوەی هه‌فته‌یه‌كدا چەندین گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری دەگەنە بەغدا.

 

بەهۆی بەردەستبوونی نەختینەی پێویستی دۆلارەوە، پشکی گەشتیاران جارێکی تر لە دوو جارەوە بۆ شه‌ش جار لە ساڵێكدا بەرز کراوەتەوە، هاوکات هەنگاوی پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی کەلوپەل و پشتیوانیکردنی توێژی کەمدەرامەت گیراوەتە بەر.

 

لەبارەی پڕۆژەی سڕینەوەی سفرەکان لەسەر دراوی دیناری عێراقی، ڕاوێژکاری بانکی ناوەندی ڕوونی کردەوە کە ئەم نەخشەیە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و بەهۆی نائارامی ناوچەکە و کورتهێنانی دارایی لە ئێستادا جێبەجێکردنی خێرای بۆ ناکرێت.