سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی بە کاروانێکی نوێی پڕۆژەی ستراتیژیی ئابووری و گەشتیارییەوە گەیشتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

 

ئەمڕۆ سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی سەنتەری دابەشکردنی ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای نیسان دەکاتەوە و بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق دادەنێت.

 

لە ناحیەی باتێل سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پڕۆژەی گۆڵدن گڵۆباڵ دیڤێلۆپمێنت دەکرێتەوە کە سەنتەری سەرەکی دابەشکردنی ئۆتۆمبێلەکانی نیسان و ڕاهێنانی کارمەندان دەبێت بۆ هەموو عێراق.

 

مانگانە نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی نیسان لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە دەگەنە ئەم سەنتەرە و زیاتر لە 400 دەرفەتی کاری بۆ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.

 

هاوکات بەردی بناغە بۆ پڕۆژەی گەلی زاخۆی گەشتیاری دادەنرێت کە لەلایەن کۆمپانیای مارمۆتاوە جێبەجێ دەکرێت و بە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە سەرانسەری عێراق هەژمار دەکرێت.

 

ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری 2620 دۆنم زەوی لە گەلیی زاخۆ دروست دەکرێت، گوژمەکەی 120 ملیۆن دۆلارە و لە ماوەی 7 ساڵدا زیاتر لە 400 دەرفەتی کاری نوێ دابین دەکات.

 

پڕۆژە گەشتیارییەکە چەندین کەرتی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە، تەلەفریک، خانووی گەشتیاری، شوێنی پەڕەشوت و پاراگلایدەر، ڕێڕەوی شاخەوانی، کۆشکی گەشتیاری و چێشتخانە.

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی مەیدانیی کۆڕنیشی زاخۆ و پڕۆژەی وەبەرهێنانی تۆگا پۆرتۆ مارینا دەکات کە لە زنجیرەیەک کافێ و چێشتخانەی براندی جیهانی پێک دێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە.

 

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیمای ئابووری و گەشتیاریی زاخۆ دروست دەکەن و پێگەی شارەکە وەک ناوەندێکی سەردەمییانەی وەبەرهێنان بەهێزتر دەکەن.

 

لە 20ـی ئەیلوولی 2021، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا، بڕیاری بە ئیدارەی سەربەخۆکردنی زاخۆی بە فەرمی دەرکرد.

 

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارەوە، تا ئێستا 445 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە زاخۆ جێبەجێ کراون و 90 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردن دان.

 

هاوکات 34 پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان بە گوژمەی جیاواز لە سەرجەم کەرتەکاندا مۆڵەتیان پێدراوە، ئەمەش بووژانەوەیەکی گەورەی لە سنوورەکەدا هێناوەتە کایەوە.