گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران پێ دەنێنە قۆناغێکی پڕمەترسییەوە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی سەربازیی بەرفراوان لە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسدا لە ئارادایە.

 

ئه‌مڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهۆی کارنامەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ئاستێک، کە هەڵەیەکی بچووک دەتوانێت تەواوی ناوچەکە ئاگر تێ بەردات.

 

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا نیگەرانی ئەوەن ئێران نەخشەی هێرشکردنە سەر باڵیۆز و بەرپرسانی ئەمریکی لە ناوخۆ و دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا جێبەجێ بکات.

 

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپایی هۆشداریی داوە کە تەنانەت یەک فیشەک یان تەقینەوەیەکی کتوپڕ لە نزیک ڕێبەرانی ئێراندا، ڕەنگە جەنگێکی جڵەونەکراو لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێنێت.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووه‌، هێزەکانی وڵاتەکەی لە شاڵاوی سەربازیی 'مەرتەقەی نیوەشەو'دا، توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیان بەتەواوی تێک شکاندووە.

 

ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی (ئەتۆمی) و ئابووریی ئەو وڵاتەشیان گه‌مارۆ داوه‌ و داڕماندووە.

 

سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات بە کۆتاییهاتنی جەنگ نرخی نەوت دابەزێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە نرخی نەوتی برێنت بۆ 116 دۆلار بەرز بووەتەوە.

 

لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران داوای کۆتاییپێهێنانی بە ڕەوشی نە جەنگ و نە ئاشتی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گەلەکەی لە بارودۆخێکی سەختی گوزەراندایە.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە کە بەهۆی گەمارۆکانەوە، نرخی خۆراک لە ئێراندا بە ڕێژەی لەسەدا 128 بەرز بووەتەوە و 17000 بارهەڵگریش لەسەر سنوورەکاندا گیریان خواردووە.

 

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە کە تاران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرە ئێرانییەکاندا.

 

پزیشکیان ئەمریکای بە هۆکاری شکستهێنانی ڕێککەوتنی کاتی مانگی حوزەیران لەقەڵەم دا، بەڵام پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتا دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی وتوێژە سیاسییەکان ماوە.

 

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەم هیچ هێرشێک ناکەن، بەڵام لە دوای هەڵبژاردن ئەگەری هەیە ئەرکە سەربازییەکەیان لە ئێراندا تەواو بکەن.

 

پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا چەندین بژاردەی سەربازییان ئامادە کردووە و ڕادەستی پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیانیان کردووە، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایییان لەسەر بدرێت.

 

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بنیامین نەتانیاهۆ لە هەڵبژاردندا تووشی شکست بێت، ڕەنگە هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ئێران بۆ سەپاندنی دۆخێکی دیاریکراو (ئەمری واقیع).

 

تاران هەڕەشەی کردووە لە ئەگەری هەر پەلامارێکدا، بنکەکانی ئەمریکا، کەشتییە جەنگییەکان، پاڵاوگەکانی نەوت و تەلی ژێردەریایییەکانی تۆڕی جیهانی (ئینتەرنێت) لە کەنداودا دەکاتە ئامانج.