لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەینەوا، دانیشتووانی عەرەب لە چەند گوندێک پاش ساڵانێک لە ئاوارەیی گەڕێنرانەوە سەر زێدی باوباپیرانیان.
ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، دانیشتووانی عەرەبی چوار گوندی سنووری سحێلە لە دەڤەری نەینەوا گەڕانەوە ناو ماڵەکانیان.
وەزیری ناوخۆ لە وتارەکەیدا پەیامی سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و ڕوونی کردەوە، گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەن بۆ سەر زێدی خۆیان زامنی سەقامگیریی درێژخایەن و نوێکردنەوەی برایەتیی نێوان نەتەوەکانە لە ناوچەکەدا.
وەزیری ناوخۆ باسی لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب بەتایبەتی هۆزی شەممەر کرد، هاوکات تیشکی خستە سەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە داڵدەدانی نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارە لە سەردەمی شەڕی داعشدا.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، پێشتریش بە هەمان بڕیار، دانیشتووانی گوندەکانی شێخان و سەفەییە لە هەمان ناوچە پاش دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاسایش گەڕابوونەوە سەر ماڵەکانیان.
دەڤەری سحێلە، لە ساڵی 2014 و لە کاتی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بووەوە، دواتر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە ناوچەکە کۆنترۆڵ کرایەوە و پارێزگاری لە ئاسایشی سنوورەکە کرا.
بە فەرمانی سەرۆک بارزانی 4 گوندی سنووری نەینەوا ئاوەدان کرانەوە
کورتە
بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، دانیشتووانی عەرەبی کۆمەلێک گوندی سنووری دەڤەری نەینەوا گەڕێنرانەوە سەر زێدی خۆیان و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش جەخت لە پاراستنی سەقامگیری و برایەتی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە.