فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەن ڕاستەوخۆ بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی بکەن.
ئەمڕۆ د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاڕاستەی سەرۆکی تەمەنی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان کە بریتین لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرکی سەرۆکی تەمەنە و پێویستە ئەو ئەرکە بێ مەرج و کۆت جێبەجێ بکات و دانیشتنەکە بەڕێوە ببات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختیشی کردووەتەوە، هەر لایەنێک ئامادە نەبێت خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و مێژوو، هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، د. ڤالا فەرید داوای لە سەرۆکی تەمەن کردووە، بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکات بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم و دووپاتی کردووەتەوە کە فراکسیۆنی پارتی بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەشداری لە دانیشتنەکە و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، بە مەرجی ڕەزامەندی و ئامادەییی پێشوەختەی سەرجەم لایەنەکان، بەتایبەت خاوەن زۆرینەی کورسییەکان، ئامادەیە بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات بۆ کاراکردنەوەی و پێکهێنانی دەستەیەکی فرەڕەنگ.