بڕیاری تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە پاشماوەی کەرەستەی بیناسازی و ڕووخاندنی خانوو لە زەوییە بەتاڵەکانی نێو گەڕەکەکاندا فڕێ دەدەن.

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران ئاگاداری هاووڵاتییان و خاوەنکارەکان دەکاتەوە، پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنیی شارەکە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی سەرجەم هاووڵاتییانە، بەڵام هەندێک کەس پاشماوەی کەرەستەی خانوو (بیناسازی و ڕووخاندن) و زبڵ و خاشاک لە زەوییە بەتاڵەکان، بۆشاییەکانی ناو کۆڵانەکان و تەنیشت شەقامە گشتییەکان فڕێ دەدەن، کە ئەمەش سیمای جوانی شارەکە دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆن و پیسبوونی ژینگەی گەڕەکەکان.

 

شارەوانی سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە چاودێرەکانیان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەر کەسێک یان خاوەنکارێک سەرپێچی بکات و ڕێنماییەکان پێشێل بکات، بێ چاوپۆشی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و سزادان دەبێتەوە.

 

لە کۆتاییدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات، کە هاوکار بن بۆ ئەوەی پێکەوە ژینگەی سۆران پاک و خاوێن ڕابگرن.