پۆلیسی ئاکرێ داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ ئاشکراکردنی شوێنی تۆمەتباری کوشتنی دوو براکەی قەزاکە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بە شێوازێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ تاوانی کوشتنەکەی لای پارکی ئاکرێدا بڕیاری لێدراوە بکەن و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوەی فەرمیی پۆلیسەوە وەربگرن، بە مەبەستی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی داتا و زانیاریی نادروست.

 

پۆلیسی ئاکرێ ئاشکرای دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان، لە بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە، کە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

 

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، پۆلیسی ئاکرێ دڵنیایی دا، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان و لە زووترین کاتدا تۆمەتبار دەستگیر دەکرێت، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ڕێگەی ژمارەی بێبەرامبەری 104ی ژووری کۆنتڕۆڵەوە هاوکار بن لە پێدانی زانیاری.