نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع) نێردراوە، بڕیارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا ئاشکرا کرد.

 

ئه‌مڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و ئه‌وانه‌ی به‌ حەقدەستی ڕۆژانە كار ده‌كه‌ن، بخرێنە سەر دەستەی هەمیشەیی فەرمانبەران، هاوکات 120 هەزار پلەی نوێی فەرمانبەری لە بودجەی ساڵی 2027دا بهێنرێتە کایەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 بە بەشداریی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی بەڕێوە چوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد سەرجەم فه‌رمانبه‌رانی گرێبەست و ئه‌وانه‌ی به‌ حەقدەستی ڕۆژانە كار ده‌كه‌ن بخرێنە سەر دەستەی هەمیشەیی.

 

هاوکات بڕیار درا بە هێنانەکایەی 120 هەزار پلەی نوێی فەرمانبەری بە شێوەی گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی 2027دا، کە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە و بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت؛ هەروەها سەکۆیەکی تایبەت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ خوازیاران دەکرێتەوە.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوونی کردەوە کە حکومەت کار دەکات بۆ دابینکردنی تەواوی شایستە دارایییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەپێی ڕێکار و مەرجە فەرمییەکان.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و وەدیهێنانی سەقامگیریی پیشەیی و بژێوی، سەرەڕای سەرجەم تەگەرە و گوشارە دارایییەکان کە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.

 

پرسی فەرمانبەرانی 'گرێبەست و حەقدەستی ڕۆژانە' ماوەی چەندین ساڵە یەکێکە لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان و شایەتی ناڕەزایەتی بەردەوامی شەقام بووە؛ پەسەندکردنی ئەم بڕیارەش لە بودجەی 2027دا وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی بێکاری و چەسپاندنی مافی فەرمانبەران دادەنرێت.