له کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دوو فڕۆکەی جەنگی لە ئاسماندا پێکیان دادا و بەهۆیەوە 4 فڕۆکەوان دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ بەرپرسانی سەربازیی فلیپین ڕایانگەیاند، دوو فڕۆکەی مەشقی جۆری ئێس ئێف 260 لە بەرزاییەکی کەم لە باشووری پایتەختی وڵاتەکە لە ئاسماندا بەیەکیان داداوە و لەنێو بنکەی ئاسمانیی فێرناندۆ کەوتوونەتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەکانەوە سەرجەم سەرنشینەکانیان گیانیان لەدەست داوە، هاوکات پاشماوەی یەکێک لە فڕۆکەکان لە نزیک شوێنی حەوانەوەی سەربازانی بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
هێزە ئاسمانییەکانی فلیپین بڕیاریان دا، بە شێوەیەکی کاتی گەشتی تەواوی فڕۆکە ئیتاڵییەکانی ئەو مۆدێلە ڕابگرن تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەون، ئەمە یەکەم ڕووداوی لەو شێوەیە نییە لەو وڵاتەدا، بەوپێیەی لە مانگی ئایاری ڕابردوو و هەروەها لە ساڵی 2023ـشدا دوو فڕۆکەی هاوشێوە لە کاتی مەشقی سەربازیدا تێکشکابوون و چوار فڕۆکەوانی دیکە گیانیان لەدەست دابوو.
سوپای فلیپین، بەهۆی کەمی بودجە و لاوازیی داراییەوە، بەدەست نوێکردنەوەی کەرەستەی سەربازی و فڕۆکە جەنگییەکانیەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە ململانێیەکی توندی سنووری دەریاییدایە لەگەڵ چین لە دەریای باشووری چیندا.
دوو فڕۆکەی جەنگی فلیپین لە کاتی مەشقدا پێکیان دادا و تەقینەوە
کورتە
بەهۆی پێکدادانی دوو فڕۆکەی سەربازیی فلیپین لە کاتی مەشقکردندا، 4 فڕۆکەوان گیانیان لەدەست دا و هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەش گەشتی ئەو جۆرە فڕۆکانەیان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.