دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع) نێردراوە، ڕوونکردنەوەی فەرمی لەبارەی ڕاگرتنی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدهكان بڵاو ردەوە.
ئهمڕۆ دەستەی گشتی گومرگی عێراق كۆتایی هاتنی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدهكان ڕاگهیاند و ئاشكرای كرد، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن باجی گومرگی دەیانگرێتەوە.
دەستەی گشتی گومرگ بۆ بیروڕای گشتی، بازرگانان و هاوردەکارانی ڕوونی کردەوە ئەو خشتانەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە و باس لە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایی و دووڕەگەزەکان (هایبرید) دەکەن، پێوەندیدارن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران کە هەڵوەشێنراوەتەوە و ئێستا هیچ کارێکی پێ ناکرێت.
دەستەکە دووپاتی کردەوە کە وەرگرتنی باجی گومرگی بەپێی یاسا و ڕێنمایییە کارپێکراوەکانی ئێستا دەبێت و خشتە کۆنە هەڵوەشاوەکان هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە بازرگانان، هاوردەکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، تا ڕێگری لە دروستبوونی هەر ناڕوونی و شڵەژانێک لە مامەڵە بازرگانی و گومرگییەکاندا بکرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک، حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید پەسەند کردبوو، بەڵام بەپێی ڕێنمایییە نوێیەکان ئەو بڕیارە هەڵوەشێنراوەتەوە.