دوای ئەوەی شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا لەتیف هەڵمەت ڕەخنەی تووندی لە بڕانی کارەبای ماڵەکەی گرت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی هاتە دەنگ و ڕاستەوخۆ داوای لێبوردنی فەرمیی ئاڕاستە کرد.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کارەبای ماڵی مامۆستا لەتیف هەڵمەت کوژایەوە، کە هۆکارەکەی پەیوەندیی بە پسوولەی کارەباوە هەبووە؛ بەو پێیەی سیستمەکە ئۆتۆماتیکییە و ناوی هاوبەشان ناناسێت، ئۆتۆماتیکی کارەباکەی بڕیوە.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژەئ بەوە کرد، ڕستەوخۆ دوای ئاگاداربوون لە ڕووداوەکە، پەیوەندی بە مامۆستاوە کراوە و زانیارییەکانی لێ وەرگیراوە و کارەبای ماڵەکەی بۆ هەڵکراوەتەوە.

 

هاوکات ئەندازیار ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ مامۆستا لەتیف هەڵمەت ئەنجام داوە و داوای لێبوردنی لێ کردووە، جەختیشی کردووەتەوە کە مامۆستا لەتیف سەرمایەیەکی گەورەی کوردستانە و جێگەی شانازییە هەمیشە خزمەتی بكرێت.