وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان و بنەماکانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا بڵاوکردەوە.
ئهمڕۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم دروشمە پیرۆزەکانی ئایین ڕێزلێگیراون و ڕێکاری یاسایی لە دژی هەر کەسێک دەگرنە بەر کە هەستی ئایینی بەرامبەر بریندار بکات.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە هەبوونی بیروبۆچوونی جیاواز نابێت ببێتە هۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو و بریندارکردنی هەستی بەرامبەر، چونکە هەر سەرپێچی و بێڕێزییەک دەچێتە خانەی ناوزڕاندنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فەرهەنگی هەرێمی کوردستان لە شێوازی لەو جۆرەی دەربڕین دوورە و کارێکی نامۆیە، چونکە پێکەوەژیان لە کوردستاندا شانازییەکی هەمەلایەنەیە و مێژوویەکی دێرینی هەیە.
وەزارەتی ئەوقاف شەرمەزاری هەر کارێک دەکات کە ببێتە هۆی دروستکردنی دڵتەنگی و بریندارکردنی هەستی ئایینی هاووڵاتییان؛ هاوکات پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سەرجەم ڕێکارە یاسایییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران و تێکدەرانی پێکەوەژیان بگرێتە بەر.
ئهمه لهكاتێكدایه، هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دادەنرێت و یاساکانی هەرێم سزای توند بۆ وتاری ڕق و کینە و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان دیاری دەکەن.