میدیا ئێرانییەکان ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی باڵایان لە نێوان سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆکی ڕووسیا لە ماوەی داهاتوودا ئاشکرا کرد، چاوەڕوان دەکرێت پرسی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاری لە کەرتی وزە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان بێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی هەناردەکاری غاز سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە.
کازم جەلالی، باڵیۆزی تاران لە مۆسکۆ ئاشکرای کرد، هەردوو سەرکردەی ئێران و ڕووسیا لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە تاوتوێی پەرەپێدانی ئابووری و دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بکەن لە پێناو پتەوکردنی هاوبەشییەکانی نێوانیان.
هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە، هاوکارییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە هەموو کاتێک بەهێزترە، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ تاران، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕوویان لە هەڵکشان کردووە و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان ڕاگیراون.
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران، لە پاش دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بە جۆرێک هەردوو وڵات هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لە دژی گوشارەکانی ڕۆژئاوا دەدەن.