لە چوارهمین دیداری گوڵەخانەدا، هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر گرنگی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یهكێتی، ههروهها ههڵوێستی پارتی ئاشكرا كرد كه لەگەڵ چالاککردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان و جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێککەوتنەکانه لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ویستی خەڵک.
ئهمڕۆ هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان له گوڵهخانهوه ڕایگەیاند، پێوەندی و هاوئاهەنگی زۆر باش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، هاوکات هۆشداریی دا ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت یان ڕێککەوتنێکی 10 ساڵە واژۆ بکرێت.
ئهو بهرپرسهی پارتی ئاماژەی بەوە دا، دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و پارتی سەردانی تەواوی لایەنەکانی کردووە، چونکە ئامانجیان بووە پەرلەمان بەزوویی چالاک بکرێتەوە و حکومەت پێک بهێنرێت.
هێمن هەورامی بژاردە چارەنووسسازەکانی خستە ڕوو، ئەگەر پارتی و یەکێتی نەتوانن پێکەوە دەستەی نوێی حكومڕانی پێک بهێنن، پارتی پێشنیازی کردووە هەردوولا ڕێککەوتنێکی 10 ساڵەی حكومڕانی واژۆ بکەن و هەر لایەنە و ئیدارهی ناوچەی خۆی بکات، بەڵام ئەگەر ئەوەش پەسەند نەکرێت دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و بە هاوبەشی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێتەوە.
لهبارهی هاوئاهەنگی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا دووپاتی کردەوە، کە پێویستە هاوپەیمانێتییەکی کوردستانی یەکگرتوو لەنێوان فراکسیۆنەکان لەناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ بەرگری لە مافە دەستوورییەکان دروست بکرێت.
ناوبراو ڕەشنووسی بودجەی ئەم ساڵی بەغدای بۆ هەرێمی کوردستان بە 'خراپترین ڕەشنووسی بودجە لە مێژووی عێراقدا' ناودێر کرد و داوای کرد سەرجەم ناکۆکییە سیاسییهكان وەلا بنرێن تا ڕێگری لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بکرێت.
باسی لەوەش کرد، کە پارتی تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا پێی باش بووە هەموو لایەنەکان بە لیستێكی هاوبەشی کوردستانی بەشداری لە کێبڕکێکەدا بکەن.
وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد، هێمن هەورامی پێشنیازی پێکهێنانی 'ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسییهکان'ـی کرد تا لە کاتی بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان سەرجەم هێزەکاندا هەبێت.
لە تەوەرێکی تردا، ناوبراو ڕەخنەی لە هەندێک کاربەدەستی عێراقی گرت کە تا ئێستاش دان بە ماددەی 140ـی دەستووردا نانێن، هاوکات ئاماژەی دا کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە وریایییەوە خۆی لە شەڕ و ململانێی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل بپارێزێت.
سەبارەت بە دۆخی نێودەوڵەتی، هۆشداریی دا کە جیهان بە قۆناغێکی نائاشتیدا تێ دەپەڕێت و ئێستا 61 شەڕ لە سەرانسەری جیهاندا لەنێوان دەوڵەتاندا بەڕێوە دەچن.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕوونی کردەوە، ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوینەی لە پەیماننامەی سایکس پیکۆوە دەستی پێکردبوو لە ساڵی 2013دا کۆتایی پێ هاتووە و ئێستاش ناوچەکە لەناو تەنگژەیەکی قووڵدایە.
ئەم وتانەی هێمن هەورامی لە میانەی چوارهمین دیداری گوڵەخانەدا هاتن کە لە پارێزگای هەڵەبجە بە چاودێریی محەممەد حاجی مەحموود و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییهكان و لێکۆڵەران بەڕێوە چوو.