بەرپرسانی باڵای کەرتی بۆشاییگەریی ئەمریکا، ئامادەکاریی نوێیان بۆ ناردنی گەشتی مرۆیی بەرەو ڕووی مانگ لە دەوروبەری ساڵی 2028 ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکا (ناسا) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەرکی (ئارتەمیس 4) لە ساڵی 2028 کەشتیوانانی وڵاتەکەی دەگەڕێنێتەوە سەر ڕووی مانگ. بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ڕوونیشی کردەوە، کار لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان و پێداچوونەوەی مەرجە ئەندازیارییەکان دەکەن تا گەشتەکە بەتەواوی پارێزراو بێت و زەمینەی مانەوەی درێژخایەنی مرۆڤ لەسەر مانگ فەراهەم بکرێت.

 

هاوکات بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ئارتەمیس ئاشکرای کرد، دوو گەورە کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە هەرەوەزی کار لەسەر پەرەپێدانی کەشتییەکانی نیشتنەوەی سەر مانگ دەکەن، ناساش چاوەڕوانی کاتی گونجاو دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیایەی گەشتیارەکان دەگوازێتەوە، لە کاتێکدا هەردوو کۆمپانیاکە بەچڕی کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ساڵی 2028دا تەواوی پێداویستییەکان ئامادە بن.

 

پڕۆگرامی ئارتەمیس، بریتییە لە زنجیرەیەک گەشتی ئاسمانیی پێشکەوتوو کە بە مەبەستی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ و دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی ژیانکردنە، ئەمەش دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی ئەپۆلۆ دێت.

 

یەکەم گەشتی مرۆڤایەتیی سەر مانگ، لە 20ی تەممووزی 1969دا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەپۆلۆ 11 ئەنجام درا، کاتێک نیل ئارمسترۆنگ و باز ئەلدرین پێیان نا بەسەر ڕووی مانگدا، لە کاتێکدا مایکل کۆڵینز لەناو فڕۆکەی مانگدا لە خولگەی مانگدا مایەوە، ئەم سەرکەوتنە بووە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی مێژووی گەشتە ئاسمانییەکان و خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پێشبڕکێی ئاسمانیی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا.