پۆلیسی ئاکرێ دەنگۆی دەستبەسەرکردنی تاوانباری کوشتنی دوو براکەی ئەو شارۆچکەیەی ڕەت کردەوە؛ تاوانبارەکە گەمارۆ دراوە و دەیانەوێت بە زیندوویی دەستبەسەری بکەن.

 

ئەمڕۆ عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ لە لێدوانێکدا بۆ پایته‌خت میدیا دوایین زانیارییەکانی لەبارەی هەڵمەتی گرتنی تاوانبارەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بە هاوبەشی گەمارۆی تاوانبارەکەیان لە ناوچەیەکی شاخاویدا داوە.

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆلیسی ئاكرێ ڕوونی کردەوە، تۆمەتبار چەکی پێیە و ڕووبەڕووی هێزە ئه‌منییه‌كان بووەتەوە، بەڵام پلانی هێزەکان ئەوەیە بەبێ زیانی گیانی و بە زیندوویی دەستبەسەری بکەن و ڕادەستی دادگای بکەن.

 

هاوكات پۆلیسی ئاکرێ داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکار بن و بۆ ده‌ستگیر كردنی تاوانباره‌كه‌ تا یاسا سه‌روه‌ر بێت و بێ هیچ زیانێک ڕاده‌ستی دادگا بكرێت.

 

ڕووداوەکە لە شەوی 21 لەسەر 22-10-2026 لە نزیک باخچەی گشتی شارۆچکەی ئاکرێ ڕووی دا، کاتێک دەستڕێژی گولـلە لە سێ برا کرا و بەهۆیەوە جەمال حاجی کە پارێزەر بوو و فەلاح حاجی کە مامۆستای زمانی کوردی بوو گیانیان لە دەست دا و برای سێیه‌میان بەسەختی بریندار بوو.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان، ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ لەنێوان ئامۆزاکاندا دروست بووە، لە کاتێکدا دایکی تاوانبار و دایکی قوربانییەکان لە سعودیە بوون بۆ بەجێهێنانی ئەرکی عومرە و دوای ڕووداوەکە گەڕاونەتەوە.