کاپتن و ئەستێرەی نێودەوڵەتی یانەیەکی پێشەنگ لە خولی سعودیە، لە هەڵوێستێکی وەرزشیدا خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەخشییە هاوتیمە گەنجەکەی.
ئەمڕۆ میدیا وەرزشییەکانی کەنداو بڵاویانکردەوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاپتنی پورتوگالی یانەی نەسری سعودی لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی فەیسەڵی، ڕەتی کردەوە خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە وەربگرێت و بەخشییە عەبدوڵڵا حەمدانی هاوتیمی.
ئەستێرە پورتوگالییەکە، بە دەستی خۆی خەڵاتەکەی ڕادەستی ئەو هێرشبەرە گەنجە کرد و وێنەی یادگاریی لەگەڵدا گرت وەک پاڵپشتییەک بۆ تواناکانی لە یاریگادا.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵە وەرزشییەکان، عەبدوڵڵا حەمدان دڵخۆشی خۆی بەو هەڵوێستە دەربڕی و بە شانازییەکی گەورەی زانی لە تەنیشت یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ یاری دەکات.
هاوکات ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، یاریزانە لاوەکان شتی زۆر لەو ئەستێرەیە فێر دەبن، لەو یارییەدا حەمدان گۆڵی پێشکەوتنی لە خولەکی چواردا تۆمار کرد و ڕۆناڵدۆش گۆڵی دووەمی بەدەستهێنا، پاشان هەردووکیان بەشدارییان لە دروستکردنی گۆڵی سێیەمی یانەکەیاندا کرد.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە کاتی پەیوەندیکردنی بە خولی ڕۆشەنی سعودی لە ساڵی 2023ـەوە، هاوشانی تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە گۆڵ، ڕۆڵێکی گەورەی سەرکردایەتی لە ڕاهێنان و پێگەیاندنی یاریزانە ناوخۆییە گەنجەکاندا بینیوە.