سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، لە شاری دهۆک لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە و جەختی لە پێویستی باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە دەڤەری بادینان کردەوە.

 

ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لە شاری دهۆک بڵاوکردەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دەڤەری بادینان بەوردی تاوتوێ کرا و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکەدا کرا. مەسرور بارزانی بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکەی ڕاسپارد کە لە ئاست بەرپرسیاریەتی خۆیاندا بن و بە هەموو شێوەیەک کار بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنوورەکە بکەن.

 

سه‌رۆكوه‌زیران جەختی لەوە کردەوە کە باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە؛ دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.

 

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، چەندین پڕۆژەی گرنگی ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا و تەندروستی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دراون و ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.