سەرۆک مەسعود بارزانی لە نامەیەکدا بۆ شا عەبدوڵڵای دووهەم، پاشای ئوردن، بەتوندی پەلامارە تۆقێنەرییەکەی سەر کڵێسایەکی پارێزگای کەرەکی شەرمەزار کرد و پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی گەل و حکومەتی ئەو وڵاتە کرد.

 

ئەمڕۆ بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پاشای ئوردن بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندووەتە پاشا، گەلی ئوردن و کەسوکاری قوربانییانی ئەو ڕووداوە خوێناوییە.

 

ئەم نامەیەی سەرۆک بارزانی دوای ئەوە دێت ڕۆژی هەینی 23-10-2026 لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی پرسە لە کڵێسایەکی مەسیحییەکانی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، چەند چەکدارێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە ئامادەبووان کرد.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی ئەو پەلامارەوە 8 کەس گیانیان لە دەست دا و نزیکەی 40 کەسی تر بریندار بوون. دوای پەلامارەکە هێزە ئاسایشییەکانی ئوردن دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و پاشای ئوردن لە کاتی بەسەرکردنەوەی بریندارەکاندا، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەتوندی ڕووبەڕووی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە دەبنەوە.

 

بەرپرسانی ئوردن ڕووداوەکەیان وەک پەلامارێکی تیرۆریستی ناوزەد کرد؛ هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، عێراق، سعودیە، میسر و چەندین دەوڵەتی عەرەبی و جیهانی پەلامارەکەیان شەرمەزار کرد و هاوسۆزیی خۆیان بۆ عەممان دەربڕی.