چوارەمین دیداری گوڵەخانە لەژێر ناونیشانی 'سەربەخۆییی ڕامیاری، دارایی و نەتەوەیی؛ دەرفەت و ئاڵنگارییەکان' بەڕێوە چوو، محەممەد حاجی مەحموود وتارێکی فره‌ ره‌هه‌ندی پێشکەش کرد و له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل عێراق هۆشداریی دا.

 

ئه‌مڕۆ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له‌ دیداری گوڵەخانەدا ڕایگەیاند، دەستکاریکردنی دەستووری عێراق هێڵی سوورە و کەمکردنەوەی پشکی بودجەش هەوڵێکە بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

لەبارەی پرسی بودجەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا پشکی هەرێمی لە 17% بۆ 14% و دواتر 13% کەم کردووەتەوە؛ هەروەها هۆشداریی دا کە لەوانەیە لە ساڵی 2027دا بیکات بە 6% کە تەنیا بەشی 6 مانگی هەرێم بکات.

 

محەممەد حاجی مەحموود چەمکی 'برایەتی گەلان'ی ڕەت کردەوە و گوتی: "هیچ برایەک براکەی کۆمەڵکوژ و ئەنفال ناکات و وڵاتەکەی وێران ناکات، بۆیە دەستەواژەی پێکەوەژیانی گەلان شیاوتر و لەبارترە."

 

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەوان تەنیا وەک 'برا بچووک' سەیری کورد دەکەن، لە کاتێکدا گەلی کورد ڕووبەڕووی کیمیاباران و زیندەبەچاڵکردن بۆ نوگرەسەلمان، عەرعەر و سنوورەکانی عەرەبستانی سعودی بووەتەوە.

 

سەبارەت بە مێژووی ئیسلام، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات ڕوونی کردەوە کە هیچ گەلێک هێندەی کورد قوربانی بۆ ئایینی ئیسلام نەداوە و ئازادکردنی قودسیش لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەییووبی بووە.

 

ناوبراو ئاشکرای کرد کە کورد دەستی ئیسلامی گەیاندە ئیسپانیا و پورتوگال و تاوانی بەرامبەر پیرۆزییەکان نەکردووە، بەڵام شاری مەککە لە مێژوودا دوو جار لەسەر دەستی عەرەب تێک دراوە.

 

لە ڕووی دارایییەوە، محەممەد حاجی مەحموود پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە کورد لەبەر دەم دوو ڕێگەدایە؛ یان دەبێت پشت بە خۆی ببەستێت یانیش چاوەڕێی دەستی بەغدا بێت.

 

ئەو ڕوونی کردەوە ئەگەر ڕێگەی دووەم هەڵبژێردرێت، دەبێت هەموو ڕۆژێک وەک کاتب لەبەر دەم دەرگای وەزارەتی دارایی عێراق بە لیستەوە ڕابوەستین.

 

وەک چارەسەری سەرەکی، ناوبراو داوای کرد هەرێمی کوردستان پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە ڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵەوە بنەمای دارایی وڵات بەرەو پێشه‌وه‌ ببات.

 

لەبارەی هەموارکردن و دەستکاریکردنی دەستووری عێراقەوە، محەممەد حاجی مەحموود هۆشداریی دا کە ئەم هەنگاوە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ جۆرێک پەسەند ناکرێت.

 

ناوبراو داوای کرد سەرجەم لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو بن تا ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکەن کە بۆ کەمکردنەوەی پێگەی دەستووریی هەرێم لە ئارادایە.

 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات داوای چالاککردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستانی کرد و گوتی: "هۆڵی پەرلەمان بێنازە لە کاتێکدا کێشەی ناوخۆییی کورد ئەوەندە گەورە نییە."

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ناکۆکی لایەنە کوردییەکان ناگاتە لووتکە و ئاستی کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆیە دەکرێت بەئاسانی چارەسەر بکرێن.

 

لە کۆتاییی وتارەکەیدا، محەممەد حاجی مەحموود باسی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کورد ژیرانە توانیویەتی خۆی لە شەڕ و ماڵوێرانییەکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت.