گۆرانیبێژێکی ناسراوی عەرەب پاش دابڕانی بۆ ماوەی نزیکەی 14 ساڵ، جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر شانۆ و ئاهەنگێکی جەماوەریی بەڕێوەبرد.

 

ئەمڕۆ میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، فەزل شاکر گۆرانیبێژی لوبنانی لەسەر شانۆی ئەبوبەکر سالم لە شاری ڕیاز کۆنسێرتێکی گەورەی لەژێر ناونیشانی (گەڕانەوەی غائیب) ساز کرد، ئامادەبووان بە جۆش و خرۆشەوە لە گوتنی گۆرانییە ڕۆمانسییەکاندا یاوەرییان کرد و پێشوازییان لە گەڕانەوەی ناوبراو کرد، هاوکات چەندین ساتی پڕ لە سۆز و فرمێسک لەنێو بینەراندا تۆمار کرا.

 

لە میانەی ئاهەنگەکەدا، چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش پێشکەش کران، لەوانەش سەرکەوتنی محەمەد فەزل شاکری کوڕی بۆ سەر شانۆ و پێشکەشکردنی بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ باوکیدا، هەروەها نەوال، خانمی گۆرانیبێژی ناسراو، وەک سوپرایزێک بەشداریی لە کۆنسێرتەکەدا کرد و بەرهەمە دووقۆڵییە کۆنەکەی ساڵی 2001ـی لەگەڵ فەزل شاکردا نوێ کردەوە و بە (دەنگی عاشقان) ناوی برد.

 

فەزل شاکر، گۆرانیبێژی لوبنانی و یەکێک لە ناسراوترین دەنگەکانی گۆرانیی ڕۆمانسیی عەرەبی، لە کۆتایی ساڵی 2012دا بە هۆکاری پابەندبوونی زیاتر بە ئایینەوە، وازی لە گۆرانیگوتن هێنا و نزیک بووەوە لە شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر، کەسایەتییەکی ئایینیی سوننەی توندڕەو.

 

دوای شەڕە چەکدارییەکانی ساڵی 2013 لە ناوچەی عەبرا لە نزیک شاری سەیدا، لە نێوان پشتیوانانی ئەلئەسیر و سوپای لوبنان، شاکر لە کەمپی عەین ئەلحلوەدا خۆی شاردەوە و ڕووبەڕووی تۆمەت و پرۆسەی یاسایی بووەوە، هەرچەندە ئەو بەشداریکردنی لە شەڕەکەدا ڕەت دەکاتەوە.

 

لە ماوەی دوورکەوتنەوەکەیدا، هەرچەندە بە شێوەیەکی سنووردار گۆرانیی نوێی بڵاودەکردەوە، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2025دا خۆی ڕادەستی دەزگای هەواڵگریی سوپای لوبنان کرد و لە ساڵی 2026دا بڕیار لەسەر ئازادکردنی بە کەفالەت درا، لە کاتێکدا هەندێک کەیسی یاسایی هێشتا بەردەوامن.