کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 3 ئەندامی یەک خێزان، کە لە نێویاندا مامۆستا و پارێزەرێک هەن.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، دوێنێ شەو لە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، دوو برا بە ناوەکانی جەمال حاجی، تەمەن 40 ساڵ، کە پیشەی پارێزەر بووە، لەگەڵ فەلاح حاجی، تەمەن 32 ساڵ، مامۆستای زمانی کوردی، کوژران و برایەکی دیکەشیان بە تەمەنی 36 ساڵ بریندار بووە.

هاوکات نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بۆ پایتەخت میدیای ئاشکرا کرد، هەردوو قوربانییەکە پێش گەیشتنیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دابوو، بریندارەکەش یەک فیشەکی بەرکەوتووە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە و ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەرییەکەی دەکرێت.

شەوی ڕابردوو پۆلیسی ئاکرێ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 4 تۆمەتبار دەرچووە و تەرمی قوربانییەکان بۆ پزیشکی دادی دهۆک ڕەوانە کراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئاکرێ، لە ماوەیەکی کەمدا هێزە ئەمنییەکان 3 لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیر کردووە و تۆمەتبارێکی دیکەش هەڵاتووە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بەدواداچوونەکانیش بەردەوامن.