وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەفەرمی ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی بۆ بەغدا ڕاگەیاند، پاش ئەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە ڕەت کرایەوە.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولدا، لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتەوە ڕەوانەی بەغدا کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سبەی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم، سەرجەم لیست و داتاکان بەفەرمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵدا دەکرێن، بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی وردبینی و خەرجکردنی شایستە دارایییەکان.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ڕوانگەی نیشتمانیبوون و پاراستنی گرنگیی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان و بۆ دروستنەبوونی هیچ ئاستەنگێک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزیر واژۆی لەسەر لیستەکە کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە 29ی ئەیلوولەوە واژۆی لەسەر هیچ نووسراوێک نەکردووە و هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی.
لە ماوەی ڕابردوودا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بەهۆی چەند ناڕەزایەتی و هەڵوێستێکی سیاسی و کارگێڕییەوە، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە داواکەی ڕەت کرایەوە.