بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرجەم فرۆشیارانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە دەکات و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە بە منداڵان و مێردمنداڵان بە تەواوی قەدەغە دەکات.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی بڵاویکردەوە، بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکانی خێزانەکان لە بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ لە لایەن منداڵانەوە، ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 

پۆلیسی گەرمیان هۆشداری داوەتە دووکانداران و فرۆشیاران کە بەپێی یاسای پاراستنی تەندروستی گشتی، مامەڵەی توندی یاسایی لەگەڵ هەر کەسێکدا دەکرێت ئەگەر بسەلمێنرێت ئەو کەرەستانەی بە منداڵان فرۆشتووە.

 

هەروەها داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنوورەکە کراوە لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا، دەستبەجێ بنکەکانی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بەو پێیەی پاراستنی تەندروستی منداڵان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.

 

لە ماوەی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەی کێشانی ڤەیپ لە نێو مێردمنداڵان و لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەمەش نیگەرانی بەرفراوانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە تەندروستییەکانی لێکەوتووەتەوە و پۆلیسی ناچار بە دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرفراوان کردووە.