بە بەشداریی زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و لەژێر دروشمی 'من کوردستانیم'، سەرۆک مەسعود بارزانی 18یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە هەولێر کردەوە.
ئەمڕۆ دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی، ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکان، دەستپێکردنی کارەکانی 18یەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێری بۆ کتێب ڕاگەیاند کە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرۆک بارزانی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشێک لە وەشانخانەکاندا، سەردانی دەستەی ئینسایکڵۆپیدیای کرد و لەلایەن دکتۆر سیروان، بەرپرسی دەستەکەوە 5 لە نوێترین چاپکراوەکانیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرا، لەنێویاندا پەڕتووکی 'کورد.. شۆڕشێکی بێدەنگ' لە نووسینی پرۆفیسۆر ژان پرادیا، دۆستی دێرینی گەلی کورد.
نووسەری ئەم پەڕتووکە لە دەیەی 60ەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاوڕێی نزیکی سەرۆک بارزانی بووە و لە سەنگەرەکاندا لەگەڵ پێشمەرگەدا ژیاوە، وەک شایەتحاڵێکی ڕاستەقینەش مێژووی ئەو قۆناغەی تۆمار کردووە.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە ڕۆشنبیرییەکانی ناوچەکە کە ساڵانە لەلایەن دەزگای مەداوە ڕێک دەخرێت و ئەمساڵیش تا 31ی تشرینی یەکەم دەرگای بەڕووی خوێنەران و پەڕتووکدۆستاندا کراوە دەبێت.