زۆربەی وێستگە لەکارکەوتووەکانی کارەبا لە هەولێر چاککرانەوە و پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی بووەوە، لە کاتێکدا کێشەی تەکنیکیی تەنیا یەک وێستگە ماوە چارەسەر بکرێت.

 

ئەمڕۆ تیمەکانی چاککردنەوەی وه‌زاره‌تی كاره‌با توانیویانە کێشە تەکنیکییەکانی وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پارک چارەسەر بکەن و تەنیا وێستگەی سەروەران ماوە کە چاوەڕوان دەکرێت تا سبەی بە تەواوی بکەوێتەوە کار.

 

بەهۆی پچڕانی لەناکاوی ئەو وێستگانەوە لە ڕۆژی دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026، پێدانی کارەبا لە چەندین گەڕەک و ناوچەی هەولێر کەم بووبووەوە، بەڵام بە هەوڵی تیمەکان دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

 

هاوکات لە ئێستادا بەهۆی بەردەوامیی پڕۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی غازی کۆڕمۆر، ڕۆژانە لە نێوان 20 بۆ 22 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت.

 

پڕۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی غازی کۆڕمۆر تا سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ چەند کاتژمێرێک کەم ببێتەوە.