مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلۆماسیی ئەمریکا جەختی لە پێویستیی دەستەبەرکردنی پشکی 14.14%ی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ی عێراق و خێرا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردەوە.
ئەمڕۆ نووسینگەی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی پێشوازی لە ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و گوێندۆلین گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ئەمریکی پابەندبوونی واشنتنی بە بەردەوامی پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی بۆ ئەو هاوکارییانە دەربڕی.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت مافە دەستووری و شایستە دارایییەکانی خستەڕوو و داوای کرد بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ڕێژەی 14.14%ی ژمارەی دانیشتووان، بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 جێگیر بکرێت.
داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی پشکی 14.14%ی بودجە لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دێت، لە کاتێکدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا لە نێوان 12% بۆ 12.67%دا بووە و بووەتە مایەی ناکۆکی دارایی بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا.