دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە بڕیارێکی مێژووییدا فەرمانێکی ساڵی 2016ی پارێزگاكه‌ی هەڵوەشاندەوە، کە ڕێگەی بە تاپۆکردن و تۆمارکردنی خانوو و شوقە بە ناوی هاووڵاتییانی بیانی و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەدا.

 

ئەمڕۆ دادگای کارگێڕیی سلێمانی لە دۆسیەی ژمارە 57/ک/2026 بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کارگێڕیی ژمارە 6448ی پارێزگای سلێمانی دەرکرد، کە لە ڕێکەوتی 6ی حوزەیرانی 2016 لەژێر ناوی گەشەپێدانی گەشتیاری و ئابووریدا دەرکرابوو.

 

دادگا لە بڕیارەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە کە پارێزگاری سلێمانی ئەو دەسەڵاتە یاسایییەی نەبووە تا ڕێگە بە تاپۆکردنی موڵک بە ناوی کەسانی دەرەوەی پارێزگاکە بدات، چونکە ئەو پرسە بەپێی یاسای ژمارە 43ی ساڵی 1971ی هەموارکراو لە دەسەڵاتی یاساداناندایە، هەروەها دەرکردنی ئەو فەرمانە پێچەوانەی ماددەی 23ی بڕگەی سێیەمی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، کە بە شێوەیەکی ڕەها خاوەندارێتی موڵک بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی قەدەغە دەکات.

 

داواکارانی دۆسیەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو فەرمانەی پارێزگا لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا هۆکار بووە بۆ کۆچی بەلێشاوی خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و مەترسی لەسەر شێواندنی ناسنامەی دیمۆگرافیای نەتەوەیی شاری سلێمانی دروست کردووە.

 

فەرمانی کارگێڕیی ژمارە 6448 لە ساڵی 2016 لە لایەن دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری پێشووی سلێمانی دەرکرابوو بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرمایە لە کەرتی نیشتەجێبووندا، بەڵام بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا شیاوی پێداچوونەوەیە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بە تەواوی سیفەتی کۆتایی وەربگرێت.