دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری داخستنی کاتی دەروازەیەکی سەرەکی نێودەوڵەتییان داوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پێشکەوتووی پشکنین.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سنووریی عێراقەوە بڵاویکردەوە، دەروازەی نێودەوڵەتی شەیب لەگەڵ ئێران بەتەواوی داخراوە، ئەمەش لەپێناو دانانی ئامێری پێشکەوتووی پشکنین و بەرگرتن لە قاچاخچێتیی کەلوپەلی قەدەغەکراو.
سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز ڕوونی کردەوە، هاتووچۆی سەرجەم گەشتیاران، ئۆتۆمبێلەکان و بارهەڵگرە بازرگانییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە، هەروەها بەرپرسە عێراقییەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ لاوازی و ناڕێکیی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پێشووی دەروازەکە گەڕاندووەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران لە زاری وەلیوڵڵا حەیاتی، بەرپرسی ئەمنیی پارێزگای خوزستانەوە پشتڕاستی کردەوە کە داخستنی دەروازەکە، کە لە ئێران بە 'چەزابە' ناسراوە، لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق بووە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاشکرای کرد، وەزارەتی ناوخۆی ئێران لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکانی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی دەروازەکە، هەروەها داوای لە گەشتیاران و شۆفێرانی بارهەڵگر کردووە دەروازەی شەلەمچە وەک ڕێگەی بەدیل بەکار بهێنن.
لە ماوەی ڕابردوودا، دەروازەی شەلەمچەش بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە داخرابوو دوای دروستبوونی گرژی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکەدا، سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش بەردەوام لەژێر چاودێریی تونددان، بەهۆی هەستیاریی جووڵەی بازرگانی و ئەمنی لە تەواوی ناوچەکەدا.