لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کورتهێنانی بودجەی گشتیی عێراق گەیشتە زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار و زیاتر لە نیوەی خەرجییەکانی دەوڵەتیش بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان کراوە.

 

ئەمڕۆ ماڵپه‌ڕی شه‌فه‌ق نیوز داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراقی سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵی تا کۆتایی مانگی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، كه‌ کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت گەیشتووەتە 75.787 تریلیۆن دینار، لەبەرامبەردا کۆی داهات تەنیا 45.355 تریلیۆن دینار بووە، بەمەش بۆشایی و کورتهێنانێکی دارایی بە بڕی 30.432 تریلیۆن دینار تۆمار کراوە.

 

بەپێی زانیارییە دارایییەکان، داهاتی نەوتی بە بڕی 34.726 تریلیۆن دینار پشکی 77%ی سەرجەم داهاتەکانی پێکهێناوە، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی تەنیا 10.629 تریلیۆن دینار بووە کە دەکاتە 23%ی کۆی گشتی داهات.

 

لە بەشی خەرجییەکاندا، مووچە و قەرەبووی فەرمانبەران بە 40.994 تریلیۆن دینار لەپێشەنگی خەرجییە بەردەوامەکاندایە، دوای ئەویش تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە 18.443 تریلیۆن دینار و دانەوەی قەرزەکانیش بە 7.561 تریلیۆن دینار هاتوون، لە کاتێکدا خەرجیی وەبەرهێنان و پرۆژەکان تەنیا 30.1 ملیار دینار بووە.

 

بەردەوامی پشتبەستنی دارایی گشتی عێراق بە نەوت بە ڕێژەی نزیکەی سێ لەسەر چواری داهات، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی خەرجییە بەکاربەرەکاندا، هۆکاری سەرەکیی فراوانبوونی کورتهێنانی بودجەیە کە ئابووریی وڵات دەخاتە ژێر مەترسیی شڵەژانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.