دانی ئۆلمۆ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی ڕانیدا لە یاریی چامپیۆنزلیگ، لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بە ڕیاڵ مەدرید بێبەش دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا 5 هەفتە لە یاریگەکان دوور بکەوێتەوە.
لە کاتێکی هەستیاردا پێش ئەنجامدانی یاریی کلاسیکۆ، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە، پاش ئەوەی دڵنیایی درا لەوەی کە ناوەڕاستکاری یانەکە ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
شەوی ڕابردوو لە گەڕی 3ی قۆناغی خولی چامپیۆنزلیگدا، لە یارییەکدا کە تێیدا پاریس سانجێرمان میوانداریی بارسێلۆنای کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 4 - 2 بردەوە، دانی ئۆلمۆی ئەستێرەی بارسا لە خولەکی 27ی یارییەکەدا بەهۆی پێکانەوە ناچار بوو یاریگە جێبهێڵێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆ، ماسوولکەی ڕانی چەپی دانی ئۆلمۆ تووشی پێکان بووە و بەو هۆیەوە بەشداری لە یاریی داهاتووی کلاسیکۆدا بەرامبەر بە ڕیاڵ مەدرید ناکات.
لەلایەکی ترەوە، خاڤی میگێل، ڕۆژنامەنووسی دیاری ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، ئاشکرای کردووە کە پێکانی ئۆلمۆ سەختە و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی 4 بۆ 5 هەفتە لە یاریگەکان دوور بکەوێتەوە، هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکیی وردتری بۆ بکرێت تا ماوەی تەواوەتیی دوورکەوتنەوەکەی یەکلا بکرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، دوایین جار کە دانی ئۆلمۆ تووشی پێکان بوو لە 3ی دیسێمبەری 2025دا بوو، لە یاریی بەرامبەر بە ئاتلێتیکۆ مەدرید کە تێیدا دوای تۆمارکردنی گۆڵێک شانی ئازاری پێگەیشت.
هەروەها دوایین پێکانی ماسوولکەییی ئەم یاریزانە بۆ 10ی ئۆکتۆبەری 2025 دەگەڕێتەوە؛ لەو کاتەوە ئۆلمۆ توانیبووی لە 44 یاریی لەسەریەکدا بەشداری بکات، کە 32 یارییان لە وەرزی ڕابردوو و 12 یارییش لەم وەرزەدا بوون.