ڕووداوی پێدانی خواردنەوەیەکی کحوولی بە منداڵێک لەبری خواردنەوەی گازدار لە فرۆشگەیەکدا، کاردانەوەی توندی کۆمەڵایەتی و یاسایی لێ دەکەوێتەوە، پاش ئەوەی منداڵەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ڕۆژ هۆشی لە دەست دا.

 

ئەمڕۆ دکتۆر بەکر قادر، لێكۆڵه‌ری دادوه‌ری له‌ پایته‌خت میدیا ئەم ڕووداوەی وەک 'کارەساتێکی گەورە' ناوزەد کرد و هۆشداریی دا لە مەترسیی دەستپێگەیشتنی مێرمنداڵان و منداڵان بە خواردنەوە کحوولییەکان لەنێو گەڕەکەکاندا.

 

ناوبراو ڕوونی کردەوە، بەپێی ماددەی 383 لە یاسای سزاکانی عێراق، فرۆشتنی هەر جۆرە مەی یان ماددەیەکی بێهۆشکەر بە منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ لە لایەن فرۆشیارانەوە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

 

دکتۆر بەکر قادر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فرۆشیارەی سەرپێچی لەم یاسایە دەکات، بەپێی هەمان ماددە ڕووبەڕووی سزای بەندکردن دەبێتەوە؛ دادوەریش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تا 3 ساڵ سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی بەسەردا بسەپێنێت.

 

جگە لە لایەنی سزایی، ڕێکاری کارگێڕیی توندیش هەیە، کە بەپێی ئەو ڕێکارە، دەستبەجێ مۆڵەتی کارکردن لەو فرۆشگەیە وەردەگیرێتەوە و بۆ هەمیشە دادەخرێت، چونکە سەرپێچی لە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت کردووە.

 

هەر لە چوارچێوەی ڕێکخستنی ئەم بوارەدا، بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2021ی شارەوانی بەغدا، کۆمەڵێک مەرجی توند بۆ شوێنی فرۆشتنی خواردنەوە کحوولییەکان دانراون تا لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە دوور بن.

 

بەپێی ئەو یاسایە، دەبێت شوێنی فرۆشتنی کحوول دوورییەکی دیاریکراوی لە مزگەوت، مەزارگە، گۆڕستان، نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ، باخچەی گشتی و گەڕەکە قەرەباڵغەکانی هاووڵاتییانەوە هەبێت.

 

مەبەست لەم دوورخستنەوەیە ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە ماددانە لە نێوەندی شار و لە نزیک دەستی منداڵ و مێرمنداڵاندا نەبن، و ڕێگری لە ئاسان دەستکەوتنیان بکرێت.

 

هاوکات بەپێی ماددەی 14 لە یاسای شارەوانی ژمارە 1ی ساڵی 2023، هەر شوێنێک پابەندی مەرجەکانی دووری نەبێت، دادەخرێت و مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنی دارایی لەنێوان 10 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دینار.

 

لە کۆتاییدا دکتۆر بەکر قادر داوا لە خێزانەکان، پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات چاودێریی توند بخەنە سەر فرۆشگەکان، تا ئەم کارەساتە مرۆیی و دەروونییانە بەسەر منداڵانی تردا دووبارە نەبنەوە.