زیاتر لە 1500 فەرمانبەر لە قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەویدا لە سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوون و پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی زانیارییەکان دەست پێ دەکات.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، تیروپشک بۆ پێدانی زەوی بەسەر 1700 فەرمانبەری سنووری شارەوانییەکانی گوێر و سفەییە ئەنجام درا.

 

لە ڕێوڕەسمەکەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردەوە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە قۆناغی بەدیجیتاڵکردن و وردبینی بۆ زەوییەکان دەست پێ دەکات تاوەکو فەرمانبەران بتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ئاگاداری شوێن و قۆناغی زەوییەکانیان بن.

 

پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تیروپشکە بایەخێکی تایبەتی هەیە چونکە لە سنووری ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجام دەدرێت و ماف بۆ فەرمانبەرانی ئەو سنوورانە دەگەڕێنێتەوە، هاوکات دەستخۆشی لە تیمە هونەرییەکان کرا بۆ ماندووبوونیان لە پرۆسەی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی زەوییەکان تا سەرجەم مووچەخۆرانی شایستە سوودمەند بن.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە مانگی ئاداری ساڵی 2024 بڕیاری دا پارچەزەویی 200 مەتری بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش بکات کە خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە و پێشتر سوودمەند نەبوون.