بەڵگەنامە فەرمییەکان پەردە لەسەر لێڵیی چارەنووسی 120 ملیۆن دیناری کۆڕی زانیاریی عێراق لادەدەن كه‌ ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی گەورەی سەرپێچی دارایی بووەتەوە، تێیدا سەرۆکی دامەزراوەکە بڕی 120 ملیۆن دیناری بە کاش و بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی ژمێریاری وەرگرتووە.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئەلعالەم ئەلجەدید لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی بڵاویکردەوە، د. محەممەد حوسێن ئال یاسین، سەرۆکی کۆڕی زانیاریی عێراق، لە ساڵی 2022 لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 75 ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەکەدا، بڕی 120 ملیۆن دیناری وەک بەخشین بە نەختینە وەرگرتووە.

 

بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەو بڕەپارەیە لەلایەن مەزارەکانی عەباسی (60 ملیۆن دینار)، مەزاری حوسێنی (20 ملیۆن دینار) و دەستەی حەشدی شەعبییەوە (40 ملیۆن دینار) دابین کراوە، بەڵام بەبێ نووسراوی فەرمی و بەبێ ئاگاداریی بەشەکانی دارایی و وردبینیی ناوخۆیی وەرگیراوە.

 

دۆسیەکە کاتێک ئاشکرا بوو کە لە ڕێکەوتی 18ی ئازاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغدا سەر بە دەستەی دەستپاکی لە نووسراوێکدا داوای سەرجەم بەڵگەنامە و وردەکاریی ئەو بەخشینە دارایییانەی لە کۆڕی زانیاری کرد. لە بەرامبەر ئەم گوشارە چاودێرییەدا، لە ڕێکەوتی 7ی ئایاری 2024 و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 19 مانگ بەسەر وەرگرتنی پارەکەدا، بەشی دارایی کۆڕی زانیاری ئاگادار کرایەوە بە وەرگرتنی بڕی 40 ملیۆن دیناری ماوە بە کاش و خستنەسەری لە لقی خاتوونی بانکی ڕەشید، دواتریش لە 18ی ئایاردا ڕەوانەی هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

 

سەبارەت بە چارەنووسی 80 ملیۆن دینارەکەی تر، سەرۆکی کۆڕی زانیاری لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ دەستەی دەستپاکی لە ڕێکەوتی 22ی ئایاری 2024، دانی بەوەدا ناوە کە ئەو بڕەپارەیە بەپێی یاداشت و پسوولەی ناوخۆیی خەرج کراوە، بەڵام لە کاتی خۆیدا ڕادەستی بەشەکانی دارایی و وردبینی نەکراوە و لە دەرەوەی ڕێڕەوی یاسایی و فەرمیی دەوڵەتدا بووە.

 

لە شیکارییەکی یاساییدا بۆ ئەم دۆسیەیە، شارەزای یاسایی وەلید محەممەد ئەلشەبیبی ڕایگەیاند کە ئەو پارانە بە پارەی گشتی دادەنرێن نەک بەخشینی کەسی بۆ سەرۆکی کۆڕی زانیاری، بۆیە وەرگرتنی پارەی نەختینە و شاردنەوەی بۆ ماوەی 19 مانگ لە بەشی دارایی، سەرپێچییەکی ئاشکرای یاسای دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسیارێتی یەکەم لە ئەستۆی سەرۆکی کۆڕی زانیارییە کە پلەی وەزیری هەیە، ئەگەر لە لێکۆڵینەوەکاندا ساغ ببێتەوە پارەکە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەکار هاتووە ئەوا دەچێتە خانەی تاوانی ئیختیلاس و بەهەدەردانی سامانی گشتی بەپێی یاسای سزادانی عێراقی.

 

شارەزا یاسایییەکە ئەوەشی خستە ڕوو، گێڕانەوەی ئەو 40 ملیۆن دینارە بەس نییە بۆ داخستنی دۆسیەکە، چونکە بەپێی یاسا سەرپێچییەکە ئەنجام دراوە و پێویستە دیوانی چاودێریی دارایی بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردبینی بۆ چارەنووس و چۆنیەتی خەرجکردنی 80 ملیۆن دینارەکەی تر بکات.

 

ئەم کێشە دارایییە لە کاتێکدا دێت کە دامەزراوە زانستی و ئەکادیمییە فەرمییەکانی عێراق بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی چاودێران دەبنەوە سەبارەت بە نەبوونی شەفافیەت و دەربازبوونی بەخشین و تەمویلە دەرەکییەکان لە چاودێریی ژمێریاریی دەوڵەت.