سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بهریتانیا کۆبووەوە و پرسی سەقامگیری و هەماهەنگییە هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بریتانیا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی باڵیۆزی بهریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم، بیروڕا لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکان و بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تەرخان کرابوو بۆ پرسی کۆچی نایاسایی و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەش لەنێوان هەولێر و لەندەن بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە. لە درێژەی دیدارەکەدا، هەردوو لا باسیان لە ڕێوشوێنەکانی کاراکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان و ڕێڕەوی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێم کرد.
وڵاتی بهریتانیا، یەکێکە لە هاوبەشە نێودەوڵەتییە گرنگ و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم.