تەقینەوەیەکی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی، گومانی لە ئەگەری پلانێکی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دروست کرد.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی مەدا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو حەشدی شەعبی ئاشکرای کرد، تەقینەوەکەی بارەگایەکیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە رۆژهەڵاتی بەغدا گومانی هێرشێکی نهێنی ئیسرائیل دروست دەکات، کە هاوشێوەی هێرشەکەی دوو ساڵی ڕابردووی سەر  حیزبوڵڵای لوبنان بێت لە ڕێگەی ئامێرە پەیوەندییەکانی 'پەیجەر'.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە لێدوانێکی غازی فەیسەڵ، به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی کردووە کە دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانیان ئەمریکا 'گڵۆپی سەوز'ـی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە تا 1000 ئامانج، وەک بارەگا، کارگەی دورستکردنی چەک و 12 بنکەی سەبازیی حەشدی شەعبی لە ڕێگەی بۆمبەوە بتەقێنێتەوە."

لەلایەکی دیکەوە جێگرێکی نزیک لە حەشدی شەعبی هۆکاری تەقینەوەی بارەگاکەی بۆ هێرشێکی درۆنی دەگەڕێنێتەوە، کە بە گوتەی خۆی، ئامانج لێی لەناوبردنی چەکدارانی حەشدی شەعبییە.

تەقینەوەکە هێرشی ئیسرائیل بووە یان کێشەیەکی ناوخۆیی؟

ڕۆژی شەممە 17-10-2026 تەقینەوەیەک لە نێو بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی نۆکەندی بەغدا (شەرقی قەنات) ڕوویدا، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، تەقینەوەکە لە ئەنجامی "کێشەیەکی تەکنیکی ناوخۆیی" بووە و هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە کە هێرش یان بۆردوومانی دەرەکی کرابێتە سەر بارەگاکە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی رۆژنامەی مەدا دا هاتووە، شوێنەکە بنکەیەکی سەربازیی نەریتی نەبووە، بەڵکو بارەگای "ئاسایشی حەشد" بووە، کە قەوارەیەکە ئەرکی هەواڵگری ئەنجام دەدات و پێشبینی ناکرێت کۆگاكانی تەقەمەنی بەشێک بن لە سروشتی کارکردنیدا، بەڵام ئەگەر شوێنەکە بۆ کاری ئەمنی و هەواڵگری تەرخان کرابێت، کەواتە بۆچی کۆمەڵێک کەلوپەل لەوێ تەقینەوە؟

گومانەکان لەبارەی هەوڵی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق تا دێت زیاتر دەبن. لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان لە 30-9-2026، چەندین سەرچاوەی هەواڵگری عێراقی و ئیسرائیلی ئاماژەیان بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق و بۆردوومانکردنی بارەگاکانی گرووپە میلیشاکان دا، لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی بوونی هێزە هاوپەیمانەکان لە ناوچەکە، ئیسرائیل نەیدەتوانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژیان ئەنجام بدات.

تەقینەوەی پەیجەرکان

لە 17ـی 9ـی 2024، ئیسرائیل لەڕێگەی ئامێری پەیوەندی بێتەلی "پەیجەر"، چەند تەقینەوەیەکی لە هەندێک ناوچەی گەڕەکی باشووری بەیروت، ئەلبەقاع و باشووری لوبنان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا 12 کوژران و زیاتر لە 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

پەیجەر ئامێرێكی بێتەلی بچوكە، لە ساڵانی شەستەكاندا پەرەی پێدراوە و لە نێوان ساڵانی حەفتایەکان تاوەکو سەرەتای ساڵانی 2000 بەکارهێنانی بەردەوام بوو، بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكاردەهێنرێت، ئەلیكترۆنییە و لەڕێی شەپۆلی ڕادیۆییەوە كەسی بەكارهێنەر ئاگادار دەكاتەوە لەو كەسەی دەیەوێت پەیوەندیی پێوە بكات، دەشتوانرێت كورتە نامەی بۆ بێت.