ئاژانسێکی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی بڕیاری دا هاوکارییە مانگانەکانی بۆ نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ڕابگرێت، ئەوەش بەهۆی کورتهێنانی دارایی و کەمبوونەوەی بودجەوە.

 

ئەمڕۆ بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی کورتهێنانی بەرچاو لە دابینکردنی دارایی، هاوکارییە خۆراکییە مانگانەکانی بۆ 500 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ڕادەگرێت، سەرەڕای پێداویستییە لەڕادەبەدەرەکانی ئەو ناوچەیە.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، 1.1 ملیۆن فەڵەستینی بە شێوەیەکی کەمکراوە بەشەخۆراک یان هاوکاریی دارایی وەردەگرن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە وڵاتانی بەخشەر هاوکارییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

 

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوەکە لە ناوچەکە ئاشکرای کرد، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی غەززە، واتە نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی، هێشتا لە دۆخێکی نالەباری نەبوونی ئاسایشی خۆراکدان و بۆ مانەوە لە ژیاندا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.

 

جیا لە بڕینی هاوکاریی ئەو نیو ملیۆن کەسە، بڕی بەشەخۆراکی خێزانەکانی تریش کەم دەکرێتەوە و لەبری دوو سەبەتەی خۆراک تەنیا یەک دانەیان پێ دەدرێت، هەروەها هاوکاریی نەختی بۆ 75 هەزار خێزان لە 400 دۆلارەوە بۆ 240 دۆلاری مانگانە دادەبەزێت.

 

بەرنامەی جیهانیی خۆراک ئاماژەی بەوە کرد، بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژاوادا بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو پێویستی بە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار هەیە، بەڵام هاوکارییەکان بەهۆی بڕیارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بودجەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی دابەزیون.

 

پێشتریش چەندین جار ئەم دامەزراوەیە ناچار بووە هاوکارییەکانی کەناری ڕۆژاوا بە ڕێژەی 50% کەم بکاتەوە و ژمارەی سوودمەندبووان لە 400 هەزار کەسەوە بۆ 200 هەزار کەس دابەزێنێت.

 

کەرتی غەززە، لە دوای جەنگی 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی توند و وێرانییەکی بەرفراوانی ژێرخان بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی داڕمانی کەرتی ئابووری و سەرهەڵدانی مەترسیی بەردەوامی برسێتی بۆ سەر ملیۆنان کەس لە دانیشتووانەکەی.