شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی لە فەرەنسا دەستی پێکردووە و خۆپیشاندەران دەروازەکانی گەورەترین مۆزەخانەی جیهانییان داخست؛ هاوکات گرژییە ئەمنییەکان بوونە هۆی دەستگیرکردنی زیاتر لە 350 کەس.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردەوە، خۆپیشاندەران و خوێندکارانی ناڕازی دەروازەکانی مۆزەخانەی لۆڤەریان لە پاریس داخست بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر توندوتیژییەکانی پۆلیس، بەو هۆیەوە دەرگای مۆزەخانەکە بە ڕووی گەشتیاراندا نەکرایەوە.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزی و توندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتە لە سەرانسەری وڵاتەکە، کە بووە هۆی دەستبەسەرکردنی زیاتر لە 350 کەس لە پاریس و زیانگەیاندن بە چەندین موڵک و ماڵی گشتی.

 

لۆران نۆنیێز، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە ئاشکرای کرد، 60 هەزار کارمەندی ئەمنی لە سەرانسەری فەرەنسادا جێگیر کرابوون، بەڵام ئەم ژمارەیە بەس نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵانکاری و تێکدەران، بە تایبەت چالاکوانانی باڵی چەپی توندڕەو.

 

وەزیری ناوخۆ ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کردووە، بەڵام سەرۆککۆمار داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

 

هاوکات جیرالد دارمانان، وەزیری داد دانی بەوەدا نا، دەزگا ئەمنییەکان لە پێشبینیکردنی ئەم توندوتیژییانەدا تووشی کەموکوڕیی هەواڵگری بوون و ڕایگەیاند، هەڕەشەی توندڕەوەکانی باڵی چەپ بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، مەترسییەکی گەورەی داهاتووە.

 

لە هەمان کاتدا بەرپرسانی حوومەتی فەرەنسا، دۆخی شەقامەکانیان بە شێوازێک لە شەرمەزاری ناوزەند کرد و هۆشدارییان لە تێکەڵبوونی تاوانکاری لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا دا.

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا فەرەنسا زنجیرەیەک خۆپیشاندانی فراوانی وەک ناڕەزایەتییەکانی "هێلەکزەردەکان"ی بەخۆیەوە بینیوە کە تێیاندا دەسەڵاتداران بە هێزێکی ئەمنیی زۆرەوە ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بوونەتەوە.