بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە 6 وێستگەی سەرەکیدا، کارەبای نیشتمانی لە بەشێکی فراوانی گەڕەکەکانی پارێزگای هەولێر پچڕا.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی لە وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕی و پارک، بەشێکی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر بێکارەبا بوون.

 

ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ جەختی لەوە کردووەتەوە، تیمە ئەندازیاری و هونەرییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی وێستگەکان و لە هەوڵی چڕدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ هاووڵاتییان.

 

وەزارەتی کارەبا داوای لە هاوبەشان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن، تاوەکو لە کەمترین ماوەدا کێشەی کوژانەوەی وێستگەکان چارەسەر دەکرێت و بارودۆخی دابەشکردنی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

 

ئەم پچڕانە لەناکاوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گۆڕانکاریی وەرزەکان و پەستانی زۆر لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردن، ناوە ناوە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا تووشی گرفتی لەم شێوەیە دەبنەوە.